بەشی ٩
بەیەکەوە لەگەڵ خێزانەکەت یەهوە بپەرستن
«کڕنۆش بۆ دروستکەری ئاسمان و زەوی ببەن.»—ئاشکراکردن ١٤:٧
هەروەک لەم بڵاوکراوەیە فێر بووی، پەرتووکی پیرۆز زۆر بنەمای تێدایە کە یارمەتی تۆ و خێزانەکەت دەدا. یەهوە دەیەوێ تۆ کامەران بیت. ئەو بەڵێنت پێ دەدا ئەگەر تۆ خوداپەرستی لە پلەی یەکەمی ژیانت دابنێیت «هەمو ئەمانەتان بۆ زیاد دەبێ» (مەتتا ٦:٣٣). یەهوە پڕ بە دڵ دەیەوێ ببیتە هاوڕێی ئەو. هەموو دەرفەتێک بەکار بهێنە بۆ ئەوەی کە دۆستایەتیت لەگەڵ خودا پەرە پێبدەی. ئەوە مەزنترین شانازییە کە کەسێک بتوانێ هەیبێت (مەتتا ٢٢:٣٧، ٣٨).
١ پەیوەندیت لەگەڵ یەهوە بەهێز بکە
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «یەزادانی سوپاسالار ئەمە دەفەرمووێ: من دەبمە باوکی ئێوە و ئێوەش دەبنە کوڕ و کچی من» (٢ کۆرنسۆس ٦:١٨). خودا دەیەوێ تۆ ببیتە باشترین هاوڕێی ئەو. یەکێک لەو ڕێگایانە، پاڕانەوەیە. یەهوە داوات لێدەکا «بۆ پاڕانەوە» (١ سالۆنیکی ٥:١٧). ئەو بە خۆشییەوە دەیەوێ قسەی دڵت و ئەو شتانەی لە لات گرنگن بیبیستێ (فیلیپی ٤:٦). کاتێک لەگەڵ خێزانەکەت لە یەهوە دەپاڕێنەوە ئەوان هەست بەوە دەکەن کە خودا لە ژیانتدا زۆر گرنگە.
لە پاڵ قسە کردن لەگەڵ خودا، پێویستە تۆش گوێ لەو بگری. تۆ دەتوانی لە ڕێگای خوێندنەوەی وشەی خودا و ئەو بڵاوکراوانەی کە سەرچاوەکەیان پەرتووکی پیرۆزە ئەم کارە بکەی (زەبوور ١:١، ٢). بیر بکەوە لەو شتەی دەیخوێنیتەوە (زەبوور ٧٧:١١، ١٢). بۆ گوێدان بە خودا پێویستە بە بەردەوامی لە کۆبونەوە مەسیحییەکاندا بەشدار بی (زەبوور ١٢٢:١-٤).
بۆ بەهێزتر کردنی پەیوەندیت لەگەڵ یەهوە، زۆر گرنگە لە لای خەڵک باسی ئەو بکەی. هەرچەند زیاتر باسی بکەی، لێی نزیکتر دەبیەوە (مەتتا ٢٨:١٩، ٢٠).
تۆ دەتوانی چی بکەی:
-
هەموو ڕۆژێ کات بۆ خوێندنەوەی پەرتووکی پیرۆز و پاڕانەوە تەرخان بکە.
-
وەک خێزان، چالاکییەکانی خوداپەرستی لە پێش چالاکییەکانی تر دابنێن.
٢ چێژ لە بەرنامەی خوداپەرستی خێزانی وەربگرن
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «لە خودا نزیک بنەوە، لێتان نزیک دەبێتەوە» (یاقوب ٤:٨). تۆ پێویستە بەرنامە دابڕێژی و بەردەوام بی لەسەر بەرنامەی دەقاودەقی خوداپەرستی خێزانیت (پەیدابوون ١٨:١٩). سەرەڕای ئەمە پێویستە خودا ببێتە بەشێکی سەرەکی لە ژیانی ڕۆژانەتاندا. لە ڕێگای قسە کردن دەربارەی خودا، ئەندامانی خێزانەکەت هان بدە بۆ ئەوەی پەیوەندیان لەگەڵ خودا بەهێز بکەن، کاتێک «لە ماڵ دادەنیشن و کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆن و کاتێک دەخەون و کاتێک هەڵدەستن» قسەیان بۆ بکە (دواوتاری موسا ٦:٦، ٧). بیکەنە ئامانجی خۆتان وەک یەشوع بن، کە وتی: «من و بنەماڵەکەم یەزدان دەپەرستین» (یەشوع ٢٤:١٥).
تۆ دەتوانی چی بکەی:
-
بەرنامەیەکی فێرکاری خوداپەرستی بۆ خێزانەکەت دابڕێژە و پێداویستیەکانی هەریەکێکیان لەبەر چاو بگرە.