بۆچی دەبێت لەپەرتووکی پیرۆز بکۆڵدرێتەوە؟
ئایا تۆ پەرتووکی پیرۆز دەناسی؟ ئەو پەرتووکە بێهاوتایە بەربڵاوترین پەرتووکە لەمێژوودا. پەیامی ئەو پەرتووکە بۆ خەڵکی هەموو کەلتورەکان بۆتە سەرچاوەی ئومێدو ئامۆژگاری کاریگەر بۆسەر ژیانی ڕۆژانەیان. سەرەڕای ئەمەش خەڵکێکی کەم زانیارییان دەربارەی پەرتووکی پیرۆز هەیە. هەرچەندە تۆ باوەڕداربی یاننا، لەوانەیە تامەزرۆی زانینی شتی زۆرتربی دەربارەی ئەو پەرتووکە. ئەم بڵاوکراوەیە داڕێژراوە تاکو پوختەیەکت دەربارەی پەرتووکی پیرۆز بخاتە بەرچاو.
پێش ئەوەی دەست بەخوێندێنەوەی پەرتووکی پیرۆز بکەیت، واباشە چەند شتێك لەسەر چۆنییەتی داڕێژرانی ئەو پەرتووکە بزانیت. ئەو پەرتووکە کە بەنووسراوی پیرۆزیش ناسراوە، لەڕاستیدا کۆکراوەی ٦٦ پەرتووك یاخود بەشە، کە بە پەرتووکی پێکهێنان دەستپێدەکاتو بە بینین کۆتایدێت.
داهێنەری پەرتووکی پیرۆز کێیە؟ ئەمە پرسیارێکی ئاڵۆزە. لەڕاستیدا نووسراوەکان بە دەستی ٤٠ کەسەوە نووسراون، لە ماوەی ١٦٠٠ ساڵدا. شایانی باسە کە ئەو پیاوانە هەرگیز بانگەشەی ئەوەیان نەکردووە کە ئەوان داهێنەری ئەو پەرتووکەن. یەکێ لەنووسەرەکان نووسیویەتی: «هەموو کتێبی پیرۆز بەوەحی لە خودا هاتووە» (٢ تیمۆساوس ٣:١٦). یەکێکی تر لەنووسەرەکانی تێبینیدەکات: «ڕۆحی خوداوەند بەهۆی منەوە دوا، ووشەکەشی لەسەر زمانم بوو» (٢ سامۆئیل ٢٣:٢). نووسەرەکان بانگەشەیان کرد، ئەو یەهوە خودایەی کە پایەبەرزترین فەرمانڕەوای گەردونە، داهێنەری پەرتووکی پیرۆزە. خودا، ئاشکراکەری ئەو نووسەرانە دەیەوێ مرۆڤ لێی نزیکبنەوە.
شتێکی تر هەیە کە زۆر گرنگە بزانرێ تاکو مرۆڤ لە پەرتووکی پیرۆز تێبگا. نووسراوەکان یەك بابەتیان هەیە: کە پشتگیری کردنە لە مافی ڕەوای خودا بۆ فەرمانڕەوایکردنی مرۆڤ لەلایەن پادشاهێتییە ئاسمانییەکەیەوە. لەلاپەڕەکانی داهاتوودا دەتوانیت ببینیت کە چۆن ئەم بابەتە ناوەڕۆکی پەرتووکی پیرۆزە، هەر لە پێکهێنانەوە تا بینین.
بە لەبیربوونی ئەم شتانەی باسکران، سەرنجی ئەو پەیامە دەدەین کە لە بەناوبانگترین پەرتووکی جیهاندا بەرچاودەکەوێت، کە پەرتووکی پیرۆزە.
a چەند ڕێگایەکی جیاواز هەن بۆ نیشاندانی کات لە مێژوودا. لەم بڵاوکراوەیەدا ز بەمانای زایینی دێت. هەروەها پ. ز بەمانای پێش زایین دێت. لەناو دێڕەکانی بەشی خوارەوەی ئەم بڵاوکراوەیەدا ئەمەتان بەرچاو دەکەوێت.