بەش ٥
خودا ئیبراهیمو خێزانەکەی پیرۆزکرد
نەوەکانی ئیبراهیم ژمارەیان زۆربوو، خودا یوسفی لە میسردا پاراست
یەهوە دەیزانی ڕۆژێك دێت خۆشەویسترین کەسی ئەو دەبێ ئازاربکێشێو بمرێت. ئەو پێشبینییەی لە پێکهێنان ٣:١٥ تۆمارکراوە ئاماژەی بەم ڕاستییە کرد. ئایا خودا دەتوانێ لە مرۆڤی بگەێنێ باجی مردنی کەسێکی خۆشەویست چەندە؟ پەرتووکی پیرۆز نموونەیەکی زیندووی دایەدەستەوە. خودا داوای لە ئیبراهیم کرد ئیسحاقی کوڕی خۆشەویستی قوربانی بکات.
ئیبراهیم باوەڕێکی مەزنی هەبوو. لەبیرتە خودا بەڵێنی بەو دابوو ڕزگارکەرە بەڵێندراوەکە یاخود نەوەکە لەڕەچەڵەکی ئیسحاق دەبێت. ئیبراهیم بە گوێڕایەڵییەوە ئامادەبوو ئیسحاقی کوڕی خۆی قوربانی بکات چونکە متمانەی بەوە هەبوو کە ئەگەر پێویستبکات خودا ئەو لەمردن زیندوو دەکاتەوە. بەڵام فریشتەیەکی خودا لەکاتی پێویستدا ڕێگای لە کردنی ئەم کارە گرت. خودا کە بینی ئیبراهیم ئامادەیە ئیسحاقی کوڕی خۆشەویستی قوربانی بکات، دەستخۆشکەری لە ئیبراهیم کردو بەڵێنەکەی خۆی بۆ ئیبراهیم نوێکردەوە.
دواتر ئیسحاق دوو کوڕی بوو، عیسۆو یاقوب. یاقوب بەپێچەوانەی عیسۆ زۆر بایەخی بە لایەنی ڕۆحی دەداو بەبۆنەی ئەمەوە خەڵات کرا. خودا ناوی یاقوبی گۆڕی بۆ ئیسرائیل، هەروەها ١٢ کوڕەکانی ئیسرائیل بوونە سەرۆکی هۆزەکانی ئیسرائیل. بەڵام ئایا ئەو خێزانە چۆن بوو بە نەتەوەیەکی گەورە؟
بەهۆی زنجیرەیەك ڕووداوەوە زۆربەی کوڕەکانی یاقوب بەخیلییان بە یوسفی برا بچووکەکەیان برد. وەك کۆیللەیەك فرۆشتیانو بردرا بۆ میسر. بەڵام خودا ئەو کوڕە ئازاو باوەڕدارەی بەرەکەتدار کرد. سەرەڕای بارودۆخێکی ناخۆش، لە کۆتاییدا یوسف لەلایەن فرعەونی فەرمانڕەوای میسرەوە هەڵبژێردراو دەسەڵاتێکی زۆری پێدرا. سەردەمێك هات کە بەهۆی قاتوقوڕی یاقوب هەندێك لە کوڕەکانی بۆ میسر نارد تاکو خواردن بکڕن. ئەو کاتە عەمباری خواردەمەنی لەژێر دەسەڵاتی یوسف بوو. دوای ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی لەناکاو و پڕ سۆزەوە لەگەڵ براکانی کە لەکردەوەکەیان پەشیمان بوون یەکیان گرتەوە، یوسف لێیان خۆشبوو هەلومەرجی وای بۆ ڕەخساندن تا هەموو بنەماڵەکە بۆ میسر بهێنن. خاکێکی باشیان پێدرا، کە لەوێدا دەیانتوانی درێژە بە گەشەکردنو زۆربوون بدەن. یوسف تێگەیشت خودا چەند بارودۆخێکی رەخساند تاکو بەهۆی ئەمانەوە بەڵێنەکانی خۆی بێنێتە دی.
یاقوبی بەساڵداچوو لەنێوان خێزانە گەشەبووەکەی دوا ساڵانی تەمەنی لە میسر بەسەربرد. لەسەر نوێنی مردنی پێشبینی کرد کە نەوە یاخود ڕزگارکەرە بەڵێندراوەکە ئەوەی کە دەبێتە فەرمانڕەوایەکی بەتوانا لە ڕەگەزی بنەماڵەی یەهودای کوڕی لەدایك دەبێت. یوسف چەند ساڵێك پێش مردنی پێشبینی کرد کە ڕۆژێك دێ خودا خێزانی یاقوب لە میسر دەباتە دەرێ.
بەگوێرەی پێکهێنان ٢٠ تا ٥٠؛ عیبرانییەکان ١١:١٧-٢٢.