بەش ١٥
پێغەمبەرێك لە خاکی دوورخراوەیدا بینینی دەربارەی داهاتوو پێدەدرێ
دانیال پێشبینی دەربارەی پادشاهێتی خوداو هاتنی دەستنیشانکراوەکە دەکات. بابل دەڕوخێ
دانیال، گەنجێکی خاوەن بێگەردییەکی لەبەرچاو، پێش ئەوەی ئۆرشەلیم کاولبکرێ بەرەو بابل دوورخرابووەوە. ئەو لەگەڵ چەند جوولەکەیەکی دوورخراوەی تر کە لە پادشاهێتییە تێکدراوەکەی یەهودا بوون، سەربەستییەکی زۆریان لەلایەن دەستبەسەرانیانەوە پێدرا. بەدرێژایی ژیانی لە بابل، دانیال بە مەزنی لەلایەن یەهوەوە پیرۆزکراو تەنانەت لەچاڵاوی شێرە دڕندەکان لەمردن ڕزگار کرا. هەروەها ئەو بینینانە وەردەگرێت کە داهاتوویەکی دووری بۆ ڕووندەکەنەوە. گرنگترین پێشبینی دانیال تیشکۆ لەسەر دەستنیشانکراوەکەو فەرمانڕەوایەتییەکەی دەکات.
دانیال پێیڕاگەێندرا دەستنیشانکراوەکە کەی دێت. دانیال پێی ووترابوو، ٦٩ هەفتەی ساڵی دوای ئەوەی ووشەکە بۆ نوێکردنەوەی ئۆرشەلیمو بنیاتنانی دەردەچێ نەتەوەکەی خودا دەکرێ چاوەڕێی هاتنی «میری دەستنیشانکراو» بن. هەفتەیەکی ئاسایی لە حەوت ڕۆژ پێکهاتووە: هەفتەیەکی ساڵی لە حەوت ساڵ پێکهاتووە. ئەو فەرمانە تا ماوەیەکی دوورودرێژ دوای مردنی دانیال گفتگۆی لەسەر کرا، کە دەستپێکردنەکەی لە ٤٥٥ پێش زایینە (پ. ز)، سەرجەمی ٦٩ هەفتەکان دەبنە ٤٨٣ ساڵ، کۆتاییەکەی دەمانگەێنێتە ساڵی ٢٩ ز. لەبەشی داهاتووی ئەم بڵاوکراوەیەدا دەبینین لەو ساڵەدا چی ڕوویدا. هەروەها دانیال پێشبینی کرد کە دەستنیشانکراوەکە بۆ کەفارەتی گوناه «دەبڕدرێ» یاخود لەسێدارەدەدرێ (دانیال ٩:٢٤-٢٦).
دەستنیشانکراو دەبێت بە پادشا لە ئاسمان. لە بینینێکی نائاسیدا لە ناو ئاسماندا، دانیال دەستنیشانکراوەکەی بینی، کە ئاماژە دەکا بۆ «یەکێك وەك ڕۆڵەی مرۆڤ» لەبەردەم تەختی پادشاهێتی خودادا. یەهوە «دەسەڵات و شکۆ و پاشایەتی» پێ بەخشی. ئەو پادشاهێتییە بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە. دانیال ووردەکارییەکی بێهاوتای دەربارەی پادشاهێتیە دەستنیشانکراوەکە فێربوو، کە ئەو پادشایە فەرمانڕەوایەتییەکەی لەگەڵ کەسانی تردا دابەش دەکات، کە ئاماژە بۆ کۆمەڵی «گەلی پیرۆزکراوانی هەرەبەرز» دەکات (دانیال ٧:١٣، ١٤، ٢٧).
پادشایەتییەکە فەرمانڕەوایەتییەکانی ئەم جیهانە لەناودەبات. خودا توانای لێکدانەوەی خەونێکی بە دانیال دا کە نەبوخوزنەسری پادشای بابل بەدەستییەوە دەیناڵاند. پادشاکە وێنەی پەیکەرێکی گەورەی بینی کە سەری زێڕ بوو، سنگو قۆڵی لە زیو بوو، ناوقەدو ڕانی لە مس بوو، قاچی ئاسن بوو، پێیەکانی لە تێکەڵێکی ئاسنو قوڕ پێکهاتبوو. بەردێك لەکێوێك بڕایەوە لە پێییەکانی پەیکەرەکی داو ووردوخاشی کردو بوو بە تۆز. دانیال ڕوونیکردەوە کە پارچەکانی پەیکەرەکە نوێنەرایەتی دەسەڵاتە گەورەکانی جیهان دەکەن، بە بابل دەستپێدەکا کە سەری زێڕاوی پەیکەرەکەیە. دانیال بینی کە لەسەردەمی دوایین فەرمانڕەوایەتی جیهانی بەدکار، پادشاهێتی خودا دەستبەکار دەبێت. هەموو ئەو فەرمانڕەوایەتییانەی جیهان ووردوخاش دەکات. خۆی تا هەتایە جێگیر دەبێت (دانیال بەندی ٢).
لە تەمەنێکی زۆر پیریدا دانیال ڕوخانی بابلی بەچاوی خۆی بینی. کۆڕەشی پادشا دەستی بەسەر شارەکەدا داگرت هەروەك پێغەمبەرەکان پێشبینییان کردبوو. زۆری پێنەچوو جوولەکەکان لە دوورخراوەیی ئازاد بوون، ڕاست لەکاتی پێشبینیکراودا دوای ئەوەی کە ٧٠ ساڵی پێشبینیکراو بەسەر کاولبوونی ووڵاتەکەیان تێپەڕی. لەژێر ڕێنمایی فەرمانڕەوا باوەڕدارەکانو قەشەو پێغەمبەرەکان، لەکۆتاییدا جوولەکەکان ئورشەلیمیان ئاوەدانکردەوەو پەرستگاکەی یەهوەیان بوژاندەوە. بەڵام ئایا لەکۆتایی ئەو ٤٨٣ ساڵە چی ڕوودەدات؟
بەگوێرەی پەرتووکی دانیال.