وانەی: ٤
عیسای مەسیح کێیە؟
١. ژیانی عیسا چۆن دەستیپێکرد؟
بەپێچەوانەی مرۆڤەکانی تر، عیسا لەئاسمان وەک کەسێکی ڕۆحی دەژیا پێش ئەوەی لەسەر زەوی لەدایک بێت (یۆحەننا ٨:٢٣). ئەو نۆبەرەی ھەموو ئافەریدکراوەکان بوو و لە دروستکردنی شتەکانی تر یارمەتیدەر بوو. ئەو تەنھا ئافەریدەیە کە ڕاستەوخۆ بەدەستی خودا ئافرێندراوە (یۆحەننا ١:١٤). عیسا وەک قسەکەری خودا خزمەتی کرد و بۆیە پێیان دەوت وشەی خودا.—پەندەکان سلێمان ٨:٢٢، ٢٣، ٣٠؛ کۆلۆسی ١:١٥، ١٦ بخوێنەوە.
٢. عیسا بۆچی ھاتە سەر زەوی؟
خودا ڕۆڵەکەی خۆی بۆ سەر زەوی نارد لە ڕێگای گواستنەوەی ژیانی ئەو لە ئاسمانەوە بۆ منداڵدانی کچێکی یەھودی کە ناوی مریەم بوو. کەو اتە، باوکێکی مرۆڤی نەبوو (لۆقا ١:٣٠-٣٥). عیسا ھاتە سەر زەوی تاکو (١) ڕاستی سەبارەت بەخو دا فێربکا (٢) نموونەمان بداتە دەست سەبارەت بەوەی کە چۆن ویستی خودا جێبەجێ بکەین تەنانەت ئەو کاتانەش کە لە ناخوشیدا بین (٣) تاکو ژیانی تەواوی خۆی وەک قوربانی پێشکەش بکا.—مەتتا ٢٠:٢٨ بخوێنەوە.
٣. بۆچی پیویستیمان بەقوربانییە؟
قوربانی ئەو باجەیە کە دەدرێ بۆ ئازادکردنی کەسێک کە ھەڕەشەی مردنی لەسەرە (دەرچوون ٢١:٢٩، ٣٠). پیر بوون و مردن بەشێک نەبوون لە مەبەستە بنەڕەتییەکەی خودا بۆ مرۆڤایەتی. ئێمە ئەمە چۆن دەزانین؟ خودا بە یەکەمین مرۆڤ، ئادەمی فەرموو:ئەگەر ئەو کارێک بکا کە پەرتووکی پیرۆز پێی دەڵێ گوناە، ئەو کات مرۆڤ دەمرێ. کەواتە ئەگەر ئادەم گوناھی نەکردبایە، ھەگیز نەدەمرد (پەیدابوون ٢:١٦، ١٧؛ ٥:٥). بەگوێرەی پەرتووکی پیرۆز مردن لەڕێگای ئادەمەوە ھاتە جیھان. کەواتە، ئادەم گوناھو سزاکەی کە مردنە بۆ ھەموو نەوەکانی ھێنا. ئێمە پێویستیمان بە قوربانییە تاکو لە سزای مردن ئازاد بکرێین کە لە ئادەمەوە بە میرات پێمان گەیشتووە.—ڕۆما ٥:١٢؛ ٦:٢٣ بخوێنەوە.
کێ دەتوانێ باجی قوربانی بدات تاکو ئێمە لە مردن ئازاد بین؟ کاتێ دەمرین، تەنھا باجی سزای گوناھی خۆمان دەدەین. ھیچ مرۆڤێکی ناتەواو ناتوانێ باجی گوناھی کەسێکی تر بدات.—زەبوور ٤٩:٧-٩ بخوێنەوە.
٤. بۆچی عیسا مرد؟
بە پێچەوانەی ئێمە، عیسای مەسیح مرۆڤێکی تەواو بوو. کەواتە ئەو پێویست نەبوو بۆ گوناھەکانی بمرێ چونکە ئەو ھەرگیز گوناھی نەکردبوو. لەبری ئەمە، ئەو لە پێناوی گوناھی کەسانی تردا مرد. خودا خۆشەویستییەکی بێ ئەندازە گەورەی بۆ مرۆڤایەتی دەربڕی، بەوەی کە ڕۆڵەکەی خۆی نارد تا لەپێناوی ئێمەدا بمرێ. عیساش خۆشەویستییەکی گەورەی نیشاندا، بەوەی کە گوێڕایەڵی باوکی بوو و ژیانی خۆی بۆ گوناھەکانی ئێمە پێشکەش کرد.—یۆحەننا ٣:١٦؛ ڕۆما ٥:١٨، ١٩ بخوێنەوە.
٥. عیسا ئێستا چی دەکا؟
کاتێ عیسا لەسەر زەوی بوو نەخۆشێ چاک کردەوە، مردووی زیندوو کردەوە و خەڵکی لە مەترسی ڕزگارکرد. بەم شێوەیە نیشانی دا لە داھاتوودا چی بۆ ھەموو مرۆڤە گوێڕایەڵەکان دەکات ( مەتتا ١٥:٣٠، ٣١؛ یۆحەننا ٥:٢٨). دوای ئەوەی کە عیسا مرد خودا ئەوی وەک کەسێکی ڕۆحی زیندوو کردەوە (١ پەترۆس ٣:١٨). ئینجا عیسا لەلای دەستەڕاستی خودا چاوەڕێ بوو تاکو یەھوە دەسەڵاتی پێبدا بۆئەوەی وەک پادشایەک لە سەرتاسەری زەوی فەرمانڕەوایی بکا (عیبرانییەکان ١٠:١٢، ١٣). ئێستا عیسا لەئاسمان وەک پادشا فەرمانڕەوایی دەکا و بەدواکەوتوانیشی لەسەر زەوی ئەو ھەواڵە خۆشە بڵاودەکەنەوە.—دانیال ٧:١٣، ١٤ ;مەتتا ٢٤:١٤ بخوێنەوە.
بەم زووانە، عیسا وەک پادشا دەسەڵاتی خۆی بەکاردەھێنێ تاکو کۆتایی بەھەموو ئازارەکان بھێنێ و بەو کەسانەش کە ھۆکاری ئەمەن. ھەموو ئەوانەی باوەریان بەعیسا ھەیە لەڕێگای گوێڕایەڵ بوون، لە بەھەشتی سەر زەوی چێژ لە ژیان وەردەگرن.—زەبوور ٣٧:٩-١١ بخوێنەوە.